زایەڵە ـ پێم سەیرە ئیسلامییەکان وەک حزب یان گروپ و ڕێکخراو پرسەنامەو بروسکەی ماتەمینی بۆ تێکۆشەری فەلەستینی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس دەنێرن بەبۆنەی شەهیدبوونی کوڕەکانیەوە، لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ۳۰هەزار کەس لەغەزە شەهید بوون، لەناویاندا سەدان خانەوادەبەتەواوی بوونەتە قوربانی، سەرکردەکانی حەماس خۆیان و منداڵەکانیان لە خەڵک وگەلەکەیان جیانەکردووەتەوە، پێویست ناکات بەم عەقڵیەتە چینایەتیەی ئێرە بۆ ئەوێش بڕوانن و کوڕی مەسئولەکان لەو هەزاران شەهیدە جیا بکەنەوە!.
ئیسماعیل هەنیەمان بینی چی وت و کاردانەوەی چی بوو کەهەواڵەکەیان پێ دا، ئەو وتی کوڕەکانی من وەک کوڕی ئەو خەڵکە شەهید بوون و هیچیان لەوان زیاتر نین، هەموو سەرکردەکانی جیهادی فەلەستینی قوربانییان بەمنداڵەکانیان داوەو خانەوادەکانیان لەناو ئەو خەڵکەدان کەڕۆژانە ئاگریان بەسەردا دەبارێت.
ئێمەی کورد پێویستمان بەڕووخاندنی ئەو دیوارە پۆڵایینەیە کە لەنێوان مەسئول و منداڵەکانیان و کوڕ و منداڵی خەڵکیدا دروست کراوە، دەبێت ئەو دنیا تایبەتە وردوخاش بکەین کە بۆ کوڕە مەسئولەکانی کورد دروست کراوەو جیاوازە لەدنیای خەڵکە ئاساییەکەی ئەم وڵاتە، نابێت ئەو کلتووری چینایەتی و جیاکاری وتایبەتکردنە هەناردەی گۆڕەپانێک بکەن کە سیمای مەسئول و کوڕە مەسئول لەوانیتر جیا ناکرێتەوەو لەگۆڕەپانەکەشدا وەک یەک قوربانی دەدەن. لەوێ وانەی یەکسانی و بەخشینی گیان وەک یەک نمایش دەکرێت، وێنەکان مەشێوێنن و جوانییەکانیمان بۆ بگوێزنەوە کە لێرە پێویستمان پێیەتی.وانەکانی قیادەی ئیسلامی فەلەستین فێری قیادەی کوردی بکەن بەخۆیشتانەوە ئەگەرچی ئێوە کەمتر ئەو تێبینییەتان لەسەرە.