زایەڵە- پاش بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێک لەسەر هێرش بۆ سەر پارێزگای ئیسفەهان؛ میدیای ئێرانی ڕایگەیاند بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە "بەتەواوی پارێزراون."
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی سێ درۆنیان تێکشکاندووە .
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەسەر چەند پارێزگایەکی وڵاتەکە چالاککراوە.
حوسێن دەلیریان، گوتەبێژی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاندووە ژمارەیەک درۆن "بەسەرکەوتوویی تێکشکێندراون، بەڵام هیچ هێرشێکی مووشەکی نەبووە."
میدیای فەرمی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە "هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە."
هێڵی ئاسمانیی ئێران لە کاژێر 07:30 خولەکی ئەم بەیانییە بەکاتی هەولێر رایگەیاند، گەشتەکان لە سەرانسەری ئێران ئاسایی بوونەوە.
ئیسفەهان بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانیی گەورەی تێدایە لەگەڵ چەند بنکەیەکی ئەتۆمی.
میدیای فەرمیی ئێران ئەم بەیانییە دیمەنێکی ئیسفەهانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دۆخی ئیسفەهان ئارامە.