زایەڵە - سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە كاتی كاركردن بۆ دروستكردنی شەقامێك، گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە سنووری شارۆچكەی شەنگال دۆزرایەوە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان گۆڕە بە كۆمەڵەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 و سەرجەم قوربانییەكانیش بە دەستی تیرۆریستانی داعش كوژراون و بەیەكەوە لەگۆڕ نراون.
خەیری عەلی بەرپرسی رێكخراوی پتریكۆر بۆ مافەكانی مرۆڤ لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكە، رایگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی چەند كرێكارێك لە كاتی كاركردن لە شەقامێكدا گۆڕە بە كۆمەڵەكەیان دۆزیوەتەوە.
هەروەها رایگەیاند: گۆڕە بەكۆمەڵەكە دەكەوێتە كۆمەڵگەی سیبا شێخدری لە باشووری چیای شەنگال.
راشیگەیاند: گۆڕە بەكۆمەڵەكە چەند روفاتێكی پیاو و ئافرەتی تێدایە كە جلوبەرگی هاووڵاتییانی ئێزیدییان لەبەرە. جەختیشی كردەوە كە دواتر كاری پشكنین و وردبینی بۆ روفاتەكان ئەنجام دەدەن تا بەتەواوی ژمارەكانیان بزانرێت.
ئاماژەی بەوەش دا كە قوربانییانی نێو گۆڕە بەكۆمەڵەكە دەگەڕێنەوە بۆ رۆژی پەلاماردانی چەكدارانی داعش لە 3ی ئابی ساڵی 2014 بۆ سەر شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی ئێزیدی بوونە قوربانی و بە كۆمەڵ لەژێر خاك نران.