زایەڵە - سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "لەسەردانەکەى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه.

لە راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە "ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/4/22 له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ عێراق، ره‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆمارى توركيا و شاندێكى ياوه‌رى، گه‌يشته‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر له‌لايه‌ن نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆكوه‌زيران، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران و ژماره‌يه‌ك له‌ وه‌زيران و به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا سه‌ردانى ئه‌مڕۆى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان بۆ به‌غداد و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراقى فيدراڵ، په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانى و هاريكاريى ئه‌منيدا، تاوتوێ كران.

ئاماژە بەوەش کراوە "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى توركيا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى توركياى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا، كرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌ ئاماده‌ييى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى ئابوورى و بازرگانى له‌گه‌ڵ توركيادا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسى له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانيا توركييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرد و سوپاسى كردن كه‌ له‌ دۆخی سه‌ختی ئابووریشدا، به‌رده‌وامييان به‌ كار و ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كان داوه.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاريكاريى هاوبه‌ش و بره‌ودانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان نيشان دا، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ پێويستيى و گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و مسۆگه‌ركردنى مافى پێكهاته‌كان كرده‌وه.

ئاماژە بەوەش کراوە "رێککه‌وتتنامه‌ و یاداشته‌کانی لێکگه‌یشتنی تورکیا و عێراق، پاراستنی ئاسایشی سنوور، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و ‌چه‌ند باس و بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

کامەران کەریم