زایەڵە - ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان، هەڕەشە لە سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و دەڵێت "لە هەنگاوی تووندتر سڵناکەینەوە".
 
ئەردۆغان ڕایگەیاند، لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ئەو بەرەو پێشچونانەی تۆمارمان کردوون بەرەو ئاراستەیەکی باش دەڕۆن. بەڵام سلێمانی، واتە یەکێتی سەرەڕای هەموو ئاگادارییەکانمان، بەداخەوە بەردەوامە لە پشتیوانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە".
 
ئەردۆغان وتیشی "ئینجا لە دیدارەکەماندا ئەم بابەتەشمان تاوتوێ کرد و هۆشداریمان دا. با هیچ کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی جیاواز نەکات. کاردانەوەی پێویستمان دەبێت. نایەڵین ئەم بابەتە وەها تێپەڕێت، ئەوەی لەدەستمان بێت، ئێستا و داهاتووش هەنگاوی بۆ دەنێین".
 
بەوتەی ئەردۆغان "دەکرێت لە زۆر بابەتدا لێبووردەییمان هەبێت، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر ئاسایشی نیشتمانی و مان و نەمانمان، دەرگاکانی لێبووردەییمان بە هەموو شێوەیەک داخراون. ئەوەی پێویست بێت دەیکەین. ئەگەر ئامانجیان دووژمنایەتیکردنی ئێمەیە، کاردانەوە و رێکارمان بۆ ئەوەش هەیە و لە هەنگاوی تووندتر سڵناکەینەوە".