زایەڵە - لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا شەش کرێکار لە شاری سلێمانی و دەورووبەری لەسەر پڕۆژەکان گیانیان لە دەست داوە و لقی سلێمانیی سەندیکاکەیان دەڵێت، پڕۆژەکان رەچاوی سەلامەتیی پیشەیی ناکەن.
بەپێی زانیارییەکانی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، زۆرینەی ئەو کرێکارانە لەسەر پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان کاریان کردووە و بەهۆی کەوتنەخوارەوەوە گیانیان لە دەست داوە.
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران رایگەیاند، هۆکاری یەکەمی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەسەر پڕۆژەکان پشتگوێخستنی سەلامەتیی پیشەییە لە لایەن خاوەن کار و کۆمپانیاکانەوە.
وتیشی، “خەتای کرێکارەکانیشی تێدایە، چونکە بەبێ مەرجی سەلامەتی بە ئیشکردن رەزامەندن، دەتوانن بەر لە دەستکردن بە کار بێن لای ئێمە سکاڵا بکەن و بەدواداچوونیان بۆ دەکەین تا سەلامەتییان دابین دەکرێت بۆ کارکردن”.
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 70 کرێکار گیانیان لە دەست داوە، کە زۆرینەیان لەسەر پڕۆژەکان بوون.
چالاک رەئوف ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان بەردەوام لە رێگەی لیژنەکانیانەوە دەچنە سەر پڕۆژەکان و رێنمایی جێبەجێکردنی سەلامەتیی پیشەیی بە خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان دەدەن بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتە نەخوازراوەکان.