زایەڵە - بە گوێرەی هەواڵی میدیای نێزیک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران دەچێتە ئێران.
کەناڵی ڕووداو بڵاوی کردەوە؛ یەکشەممە، 05-05-2024 سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار، محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی دیکەی ئێران کۆدەبێتەوە.
میدیای ئێران هەواڵی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان بڵاوکردەوە. ئاژانسی میهری ئێران دەڵێ: سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دوو لایەنەیە.
نێچیرڤان بارزانی مەبەستیێتی، پەیوەندیی نێوان هەولێر و تاران تووندوتۆڵ و باشتر بکات. پێشتریش پەیامی دڵنیایی داوەتە ئێران کە هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر ئێران و مەبەستیانە پەیوەندییەکی باش لەنێوانیاندا هەبێت.
ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی رابردوو سەردانێکی چەند رۆژەی بۆ بەغدا کرد، قۆناخێکی تازە و گەشەسەندووی لە پەیوەندی هەولێر و بەغدا دروست کرد.
لە 10 ساڵی رابردوودا، ئەمە چوارەم جارە نێچیرڤان بارزانی سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. پێشتر دوو جار وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جارێک وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانی کردووە.
لە 04-08-2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێكی فەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەیشتە تاران و بەشداریی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی (حەسەن رووحانی) سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەوکاتەدا کرد.
لە 16-10-2015، لەسەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەفەری ئەو وڵاتەی کرد و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبووەوە.
لە 21-01-2018، سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەوە.
لە 03-08-2021، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و بەشداریی لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری نوێی ئەوکاتەی ئێراندا کرد.
May 04, 2024