زایەڵە - له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ تاران، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/5/7 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ حسێن سه‌لامى، فه‌رمانده‌ى گشتيى سوپاى پاسدارانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆبووه‌وه‌.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێرانيان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئه‌منيدا تاوتوێ كرا. هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پته‌وكردنى زياترى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئاسايش و ئاراميى سنووره‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منييه‌كان له‌ هه‌رلايه‌كه‌وه‌ بێت.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ و پێكدادانيان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا هاواڕ بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێ هه‌مووان له‌پێناو پاراستنى سه‌قامگيريدا كار بكه‌ن و ڕێگه‌ نه‌درێت ئاڵۆزييه‌كان زياتر ته‌شه‌نه‌ بكه‌ن.

هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى ئه‌منى و سه‌ربازيى هه‌ولێر ـ به‌غدا، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.