زایەڵە - سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە واشنتۆن ڕایدەگەیەنێت، ھەرێمی كوردستان خاوەنی ژێرخانێكی بەھێزی غازە و دەبێت مامەڵەیەكی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بكرێت و دەشڵێت: ھەموو ھەوڵێك بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن ڕەتدەكەینەوە و نامانەوێت خواست و ئیرادەی خەڵك بۆ گۆڕانكاری بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان لە دوو دیداری جیاوازدا لە واشنتۆن لەگەڵ ھەریەك لە ئامۆس ھۆچستاین، رێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ژێرخانی جیھانی و ئاسایشی وزە و ستیڤ بیتنەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی گشتیی ھەرێمی كوردستان و كەرتی وزە ئاماژەی بەوەكرد، ھەرێمی كوردستان خاوەنی ژێرخانێكی بەھێزی گازە و دەبێت مامەڵەیەكی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بكرێت. پێویستە بە ستراتیژێكی نوێ و نیشتمانییەوە گەشە بەو كەرتە بدرێت و ببێتە مایەی بەھێزتركردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی كوردستان، داھاتەكەی لەخزمەت خەڵك و ئاوەدانیی ھەرێمەكەماندا بێت. ئەمەش ئەو ئامانجەیە كە ئێمە ھەوڵی بەدیھێنانی دەدەین و دەمانەوێت بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ھەنگاوبنێین.

کامەران کەریم