زایەڵە - رۆژانی داهاتو دەبنە یەکلاییکەرەوە بۆ سێ دۆسیەی گرنگ، یەکەمیان هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق و دوەمیان دەنگدانی ئەنجومەنی وەزیرانە بە بودجەی 2024 و سێیەمیان دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە.
رۆژنامەی (صباح) بڵاویکردەوە ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە، رۆژی 18ی مانگی (ئایار/5) دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بەرێوەدەچێت.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی پلاندان پێشبینی دەکات، لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی 2024 بخاتە پرۆسەی دەنگدانەوە و ناونیشانی ئەو بودجەیەش بریتی دەبێت لە "پاراستنی زەبری حکومی.
رەشنوسی بودجەی ئەمساڵ لە وەزارەتی داراییە، ماهر حەماد بریکاری وەزارەتی پلاندانان بۆ کارویباری تەکنیکی دەڵێت، هەمو بەرنامەکانی پەیوەست بە بودجەی 2024یان تەواوکردوە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراقیان کردوە، پێشبینی دەکەن لەم هەفتەیەدا لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێ بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، چوارچێوەی سەرەکی بودجەی ئەمساڵ بەردەوامی دانە بە زەبری حکومی کە لە ساڵی رابردوەوە جێبەجێ دەکرێت، هەروەها سەرنجخستنە سەر ئەو بڕگانەیە کە تێچو و وردەکاری پێویستیان بۆ نەکراوە، بە تایبەتی لەسەر ئاستی پارێزگاکان.
پەرلەمانی عێراق وەرزی یاسادانانی بۆ ماوەی مانگێکی تەواو درێژکردەوە، ئەویش لە پێناو تێپەڕاندنی خشتەکانی بودجە کە پێشبینی دەکرێت چەند رۆژێکی دیکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بگاتە ئەو دامەزراوەیە، تەنها ئەو دۆسیەیەش پاڵنەری پەرلەمان نەبو بۆ درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان.
کامەران کەریم