زایەڵە - بانکی بازرگانیی عێراق TBI لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پابەند دەبن بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لیستی ناوی مووچەخۆرانی هەرێممان بە دەست نەگەیشتووە.
بانکی بازرگانیی عێراق TBI راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، پابەندین بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بانکەکەمان توانایەکی بەرزی کرداریی و تۆکمەی هەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو، تاوەکو ئێستا بانکەکە چاوەڕێی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمە، تاوەکو لیستی ناو و زانیاریی مووچەخۆران بنێرێت بۆ دەستپێکردن بە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکانیان.
دوێنێ دووشەممە، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەبانکیکردن و دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەنها لەڕێگەی بانکی تی بی ئایەوە دەبێت و ئەو هەژمارانەی مووچەخۆران لە بانکەکانی دیکە کردوویانەتەوە تەنها بۆ مامەڵەی کەسی بەکاردەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە دەکرێت و بانکی عێراق بۆ بازرگانیش" تی بی ئای" یەکێکە لەو بانکانەی لەلایەن حوکمەتی عێراقەوە بە بانکێکی سەرەکی و حکومی دانی پێدا نراوە و لە رێگەی لقەکانی بانکەکەوە لە هەرێم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبانکی دەکرێت.
کامەران کەریم