زایەڵە - ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، سەبارەت بە بڕیاری بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕیاریداوە کر دەبێت لە ڕێگەی بانکەفیدراڵییەکانەوە بێت، ئەو بڕیارە یەکلاکەرەوەیە و شایەنی تانە لێدانێش نییە، بەڵکو وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت.

بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەزایەڵەی ڕاگەیاند، لە دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کە بڕیار وابوو مووچە لەکاتی خۆیدا بگاتە دەستی هاووڵاتییانی هەرێم، بەڵام ئەمڕۆ کە ڕێکەوتی ١٤ ی مانگی ئایارە باس لە هاتنی مووچەی مانگی نیسان دەکرێت، ئەوەی گرنگە لەسەر حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە ئەو داتایانەی کە دەینێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عیراق کەموکورتی و هەڵەی تێدا نەبێت، وە هەنگاوی جددی بنێت بۆ ئەوەی کە بابەتی بە بانکیکردنی مووچە جێبەجێبکرێت و ئەو ناکۆکیانەی هەیە چارەسەربکرێن،

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە هیچ کاتێک دژی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کار ناکەین، بەڵکو داکۆکیکاری طاستەقینە بووین لە مووچەی مووچەخۆران و هاووڵاتییان وە پێش هەموو حزبە سیاسیە کوردیەکان هەنگاومان ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

لە بەشێکی تری قسە کانیدا بڕیار ڕەشید وتی، بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی یەکلاکەرەوەیە و شایەنی تانە لێدانیش نییە، لەکاتێکدا دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریداوە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکەفیدڕاڵییەکانەوە دەبێت، ئیتر پێویست بە بیانوو هێنانەوە ناکات بۆ بڕیارەکان، بەڵکو جێبەجێدەکرێت، لە ماوەی ڕابردووشدا داگای باڵای فیدڕاڵی هەر بڕیارێکی دابێت جێبەجێی کردووە و کۆتایی پێهێناوە.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکی تر لە گرفت و هەڵەکان بەدەمەوە نەچوونی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق و ڕادەستنەکردنی داهاتەکان و یاریکردنە بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کە ئەمە داهاتوویەکی خراپی دەبێت.

هەرچی تایبەتە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیار ڕەشید ئاشکرایکرد، هەژماری من نابێتە جێگرەوەی بە بانکیکردنی مووچە، چونکە بەپێی بریاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دەبێت لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە بێت.

سەبارەت بە بانکی تی بی ئای ئەوەشی خستەروو، بەرێوەبەرانی بانکەکە بەڕوونی پێیان راگەیاندووم کە ئەوان ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی عیراق سودانی ئامادەن بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، نەک بۆئەوەی ببنە بەشێک لە پڕۆژەی هەژماری من ی  حکومەتی هەرێمی کوردستان.

کامەران کەریم