زایەڵە - نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، سەرۆککۆماری ئێران باسی ژمارەیەک دۆسیە لەگەڵ بەرپرسان دەکات، دەشڵێت، گرنگە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.
بڕیارە ئیبراهیم رەئیسی کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو سەردانی عێراق بکات.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لەبارەی سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی سیاسیی، ئابووری، سنووری و ئەمنییە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە رۆژی شەشی ئەم مانگە لە تاران لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە، رۆژی 7ـی ئایار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تارانەوە رایگەیاند "بانگهیشتی جەنابیانم کردووە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، پێموایە بە جدی وەریگرت و پۆزەتیڤ بوو لەوەی قبووڵی بکات."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران گوتی "دەگوترێت ئیبراهیم رەئیسی، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات، ئەگەر سەردانەکە بکات، خاڵێکی گرنگە، چونکە یەکەم؛ دەبێتە یەکەم سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، جگە لەوەش هەر خۆی سەردانەکە گرنگە، چونکە ئێران دراوسێی عێراق و هەرێمی کوردستانە، رەئیسیش بەرپرسێکی گەورەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."
نازم دەباغ، ئاماژەی بە سەردانەکەی مانگی رابردووی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و دواتر هەولێر کرد و گوتی "ئەو سەردانەی سەرۆککۆماری ئێرانیش هاوشێوەی ئەو سەردانە بۆ هەرێمی کوردستان جێی بایەخ دەبێت."
May 16, 2024