زایەڵە - ڤێدانت باتیل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە واشنتن بەڕێوەچو، ڕایگەیاند، "پەرەپێدانی ڕێگەی جیاواز بۆ گەیاندنی وزەی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە بەرژەوەندی عێراق و ئەمریکادایە، ئێمە له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و ئەنقەرە و هەولێر هه‌یه‌.

هاوکات جێفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری وزە سەردانی هەولێری كرد و لە میانەی سەردانەکەیدا ڕایگەیاند، "سەردانەکە کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر من بەجێهێشت سەبارەت بە زۆری وزە لەم هەرێمەدا، گرنگییەکەی بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی وزە لە هەمو عێراق ئاشکرایە.

 یەکێتی کۆمپانیاکانی نەوتی بیانی کە لە کوردستان کاردەکەن ڕایگەیاند، پێشوازی لە سەردانەکەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە دەکەن، هەروەها کۆمپانیاکان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بەمەرجێک ڕێککەوتنێک بکرێت کە دابینکردنی دڵنیابون لە پارەدان بۆ هەناردەکردنی پێشو و داهاتو و پاراستنی بارودۆخی بازرگانی و ئابوی.

مایڵز بی کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان وتی: "سەردانەکەی جێفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری وزە  بۆ هەردو بەغدا و هەولێر جەخت لەسەر گرنگی هەنگاوی خێرا و هاوکاریی هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە "کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆر هێشتا ئارەزوی چارەسەرکردنی چەقبەستوی هەناردەکردن دەکەن و پێشوازی لە بانگهێشتنامەکە دەکەن بۆ بەشداریکردن لەم پڕۆسەیەدا.

کامەران کەریم