زایەڵە - شارەزایەكی گەردوونناسی دەڵێت، مانگی داهاتوو جارێكی دیكە ئەگەری روودانەوەی خۆرەبایەکی دیكەی جیـۆموگناتیسی زۆر بەهێز یان چەند دانەیەکی بەهێز لە ئارادایە.
پێشبینی ئەو رووداوە سروشتییە دوای ئەو خۆرەبایە دێت كە لە 10ی ئەم مانگە بە پلەی G5 بۆ ماوەی نزیکەی 40 کاتژمێر لە هەسارەی زەوی دا.
لوقمان حەوێز، شارەزای گەردوونناسیی كورد و ئەندامی كۆمەڵەی گەردوونناسیی تەكساس رایگەیاند، ئەو خۆرەبایە جیۆموگناتیسیەی خۆر بەهۆی روودانی تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا لەسەر پەڵەی خۆر ژمارە AR3664، تیرەی ئەو پەڵەیە نزیکەی 200 هەزار کیلۆمەترە واتە نزیکەی 16 جار لە تیرەی هەسارەکەمان گەورەترە.
وتیشی، ئەم پەڵەیە هەر ماوە و هێشتا زۆر زۆر چالاکە، بەڵام بەهۆی خولانەوەی خۆر بەدەوری خۆیدا ئێستا بزر بووە و رووی لە هەسارەی زەوی نیە، واتە ئەگەر هەر تەقینەوەیەکیش لەسەریدا رووبدات ئەوا کاریگەری لەسەر هەسارەی زەوی نابێت چونکە تەنۆلکە بارگاوییەکان کە لەو تەقینەوانەوە دەردەچن بە ئاڕاستەی دیکە دەڕۆن و ناگەن بە زەوی.
کامەران کەریم