زایەڵە - لە ئەمڕۆوە بۆ سێ رۆژ پرسەی قوربانییەکان لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووشەممە، 20ـی ئاداری 2024 نەسروڵڵا رەشنودی، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای راگەیاندنی هەواڵی مەرگی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆمەڵێک پەیامی سەرەخۆشییان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ناوچەکە و جیهان پێگەیشتووە.
نەسروڵڵا رەشنودی گوتی: "ئەمە رووداوێکی گەورە بوو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام لەسەر بنەمای دەستووری ئێران و رەزامەندی رێبەری ئێران، دەستبەجێ محەممەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، وەکو بەڕێوەبەری دەستەی بەڕێوەبەرایەتی وڵات دەستبەکاربوو و ئێستا حکومەت لەسەر سکەی خۆی دەڕوات."
بە گوتەی کۆنسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر، بەپێی دەستووری ئێران تاوەکو 50 رۆژی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ئێران بەڕێوەدەچێت و سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.
سەبارەت بە رێوڕەسمی پرسەی قوربانییانی رووداوەکە، نەسروڵڵا رەشنوودی گوتی: "رێبەری کۆماری ئیسلامی لە پەیامێکدا پێنج رۆژی وەکو ماتەمینی گشتی راگەیاندووە و هەر بەم پێیەش ئێمە ئاڵاکەمان نیوە شەکاوە دەبێت و بۆ ماوەی پێنج رۆژ، هاوکات لە سێشەممەوە (ئەمڕۆ) دەفتەری یادەوەری بۆ ماوەی سێ رۆژ لە کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 04:00ـی ئێوارە دادەنێین و پێشوازی لە میوانە ئازیزەکان، کەسایەتییەکان، نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەرێم و حیزب و لایەنەکان و ئێرانییەکانی دانیشتووی ئێرە دەکەین."
May 21, 2024