زایەڵە - د، نەرمین مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەزایەڵەی ووت، ئەمڕۆ سێشەمە پرۆژە یاسای هەمواری یاسای بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی پەسەندکردنی پشتبەست بە بڕگەی دووەم لە مادەی ٧٧ی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی
( ٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥).
وتیشی،  لە چوارشەممەوە  لیژنەی دارایی دەستدەکات بە کارەکانی بۆ گفتوگۆ وپێداچوونەوە بە خشتەکانی داهات وخەرجییەکان،وئامادەکردنی بۆ پەسەندکردنی لەئەنجومەنی نوێنەران پێش کۆتایهاتنی وەرزی یەکەمی یاسادانی ماوە درێژکراوەی ئەمساڵ لە ٩ی حوزەیران.
باسی لەوەشکرد، شایەنی باسە قەبارەی بودجەی ئەمساڵ نزیکەی ٢١٠ تریلیۆن دینارە و بە ١٢ تریلیۆن دینار لە بودجەی پار ساڵ گەورەترە، بەلام هاوشێوەی ساڵی ٢٠٢٣ رێژەی خەرجی بەکارخستن نزیکەی ٧٤٪ بودجەیە بەلام بە بەبڕی ١٥٥ تریلیۆن دینار و خەرجی بواری وەبەرهينان بە بڕی ٥٥ تریلیۆن دینار نزیکەی ٢٦٪ بودجەیە، ئەمە لە کاتێکدا داهاتی نەوتی و نانەوتی خەمڵێنراو  نزیکەی ١٤٤ تریلیۆن دینارە و رێژەی کورتهێنان نزیکەی ٣١٪ی بودجەیە بە بڕی ٦٦ تریلیۆن دینار.
 
کامەران کەریم