زایەڵە - ئەمڕۆ چوارشەممە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ لە پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەشدەکرێت و هەفتەی داهاتووش لە پەروەردەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.
کارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “چوارشەممە، 22ـی ئایاری 2024، شایستەکانی دارایی مانگی شوباتی مامۆستایانی وانەبێژ لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان دابەشدەکرێت”.
روونیشیکردەوە، “لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتووەوە شایستەکانی دارایی پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دابەشدەکرێت.”
لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژیشەوە گوتی، “خشتەکانی بودجەی عێراق چووەتە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت، ئێمە بە نووسراو و یاداشتی فەرمی داوامان لە سەرجەم پەرلەمانتاران کردووە پشتیوان بن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بودجەی عێراق مافی وانەبێژانی هەرێمیش بچەسپێندرێت”.