زایەڵە ـ بە پێی ڕاگەیه‌ندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە پێناو ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان، پێویستە ئەو ڕێنماییانە جێبەجێبکرێن.

یەکەم: پێویستە سەربڕینى ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت و بەپشکنین و مۆری فەرمی ڤێتەرنەری بکەوێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر ڕێگه‌ و شەقام و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

دووەم: پشکنینى پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بەمەبەستی دڵینابوون لە تەندروستییان.

سێیەم: پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارهێنانى کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان ڕەچاو بکرێت.

چوارەم: پێویستە لە خاڵە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکان، پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە دێنە نێو هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.

پێنجەم:  وەزارەت ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان و ئەم هەڵمەتە تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

شەشەم:  کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە  دەرەوە و نێو هەرێم و عێراقی فیدراڵ، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییە تیایاندا بڵاو بووەتەوە.

ئه‌و رێنماییانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ته‌ندروستیی ئاكرێ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرایكرد، دوو حاڵه‌تی نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون له‌ قه‌زاكه‌ تۆماركرا، تووشبوویه‌ك ته‌مه‌نی 48 ساڵ بوو، دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دهۆك و پاشان بۆنه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر،  گیانی سپارد،تووشبووی دووه‌میش ته‌مه‌نی 60 ساڵه‌ و ته‌ندروستیی جێگیره‌ و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كراوە.

کامەران کەریم