زایەڵە - جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەزایەڵەی ڕاگەیاند، لیژنەی دارایی داوای کردووە سبەینێ تەیف سامی، وەزیری دارایی و شاندی وەزارەتەکە لە پەرلەمان ئامادە دەبن.
دەشڵێت ، وەزیری دارایی لەبارەی خشتەکانی بودجەی 2024 وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەداتەوە. لەوانە هۆکاری کەمبوونەوەی بودجەی پارێزگاکان و زیادبوونی بودجەی وەزارەتەکان. چۆنییەتی پڕکردنەوەی کورتهێنان کە 64 تریلیۆن دینارە.
وتیشی، وەزارەتی دارایی ساڵی رابردوو پارەی پرۆژەکانی بۆ زۆربەی پارێزگاکان خەرج نەکردووە، کەچی لە بودجەی 2024دا، پرۆژەی نوێی بۆ پارێزگاکان داناوە بۆ جێبەجێکردن، لەکاتێکدا پاری ساڵی رابردووی خەرج نەکردووە لەوبارەوە پرسیاری لێدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد،رەنگە لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی لیژنەی دارایی پرسیاری هەرێمی کوردستانیش لە وەزیری دارایی بکەن وەک رادەستکردنی داهات و پابەندبوونەکانی.
خشتەی بودجەى 2024، 21ى ئایار گەیشتە پەرلەمان، ئەوەش دواى دوو رۆژ لە پەسندکردنى لە ئەنجوومەنى وەزیران.
دوو هەفتە لە بەردەم پەرلەماندایە بۆ ئەوەى تاوتوێى خشتەى بودجەى 2024 بکات و دەنگى لەسەر بدات، بەوپێیەى لە 9ى حوزەیران پشووى پەرلەمان دەستپێدەکات.
کامەران کەریم