زایەڵە - بەغدا بە مەرج مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات ناوی هێزە ئەمنییەکانی بۆ بنێرن، 50%ی داهاتی نانەوتی رادەست بکەن و لە رێگەی تی بی ئایەوە بەجێکردنی مووچە بکات.
ئەمڕۆ 26ی ئایاری 2024ە و تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.
ناردنی ناوی هێزە ئەمنییەکان
بۆ مووچەی مانگی ئایار، هاوشێوەی دوو مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی هێزە ئەمنییەکانی بە شێوەی کۆد ناردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان داوای کردووە ناوی هەموویان بە لیست بنێردرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا رازی نەبووە بە ناردنی ناو و تەنیا کۆدی ناردووە، چونکە پێی وایە ئەو داواکارییە بیانووە.
رادەستکردنی داهاتی نانەوتی
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رادەستکردنی داهاتی نانەوتییە.
رووداو زانیویەتی، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 50%ی داهاتی نانەوتی نەخستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق و بڕیارە لەوبارەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە کەناڵی رووداوی گوت، "بەغدا بڕگەکانی یاسای بودجەی جێبەجێ نەکردووە. چۆن متمانە بکەین کە ئەگەر 50%ی داهاتیان رادەست بکەین، دوای مانگێک گرفتێکی نوێ دروست ناکەن."
یەکێک لە نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەیە. حکومەت نیگەرانە لەوەی تاوەکو ئێستا عێراق بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکانی نەناردووە بڕگەکانی دیکەی نێو یاسای بودجەیشی جێبەجێ نەکردووە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دەمانەوێت لەبارەی رادەستکردنی 50%ی داهات رێککەوتنێکی کۆتایی بکەین بۆ ئەوەی کێشەکە دووبارە نەبێتەوە."
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەش بڕیارە بەمنزیکانە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکی هاوبەش بکەن.
بەجێکردنی مووچە
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی بەغدا بەجێکردن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. هەرێمی کوردستان دەیەوێت مووچە لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە بدرێت، بەغداش دەیەوێت لە رێگەی یەکێک لە سێ بانکی حکومەتەوە بێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 21ـی شوباتی ئەمساڵ دادگەی فیدراڵیی عێراق لە بڕیارێکیدا داوای بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کرد.
تاوەکو ئێستا لەرێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە زیاتر لە 300 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان هەژماری بانکیان بۆ کراوەتەوە.
حکومەتی عێراق بە هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانە نییە کە لەرێگەی "هەژماری من" پرسی مووچە بەجێکراوە و دانی پێدا دەنێن، بەڵام بۆ لەمەودوا دەبێت لەرێگەی تی بی ئای بەجێکردن بکرێت.
رۆژی 18ـی ئایار، وەزارەتی دارایی یەکەم لیستی رەوانەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) نارد تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە. لیستەکە لە 368 فەرمانبەر پێکهاتبوو.
رۆژی 23ـی ئایار دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان،کە ناو و زانیاریی 453 فەرمانبەر تێدا بوو ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا.