زایەڵە ـ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، داوا لە دەنگدەرانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات پەلە بكەن لە دەرهێنانی كارتی دەنگدان چونكە پڕۆسەكە تا یەكشەممە بەردەوامە.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێكدا داوای لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كردووە: بۆ دڵنیابوون لە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە پەلە سەردانی نزیكترین بنكەی تۆماركردن لە شوێنی نیشتەجێبوونتان بۆ تۆماركردنی داتای بایۆمەتری، بكەن.
باسی لەوەشكردووە، لە دوای 2ـی حوزەیرانەوە دەنگدەر ناتوانێت داتای بایۆمەتریی خۆی تۆمار بكات.
كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تەمەنی درێژ كراوەتەوە داوای كردووە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وادەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەڕلەمان دیاری بكات، پێشنیازیشی كردووە هەڵبژاردنەكە لە 5 ی ئەیلوولی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
کامەران کەریم