زایەڵە ـ محەمەد حەسون، وتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای بەغدا ڕایگەیاند:تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەجۆرێک تابلۆكە شێوەی باریك دەبێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ناوی پارێزگاكە دەبێتە ژمارە و پیت و سەرجەمیان بە ئینگلیزی دەبێت.

هاوکات، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە، سەرەتا تابلۆكە بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی دەبەسترێت، دواتر ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دەكرێت بە ناوی كەسێكی دیكەوە و گۆڕینى تابلۆش هەمان نرخی جارانی دەبێت لە كاتی ئەنجامدانی سەرجەم مامەڵەكاندا.

ئەوەشی خستەڕوو، هیچ كەسێك ناچار ناكرێت، كە بڕوات ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی بگۆڕێت بۆ تابلۆی نوێ تا كاتی بەسەرچوونی ساڵانەكەی یاخود فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكەی و كردنی بە ناوی كەسێكی دیكەوە.

دوێنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكەم تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێلی چاپكرد، كە تابلۆی بەغدا ژمارە ١١ پێدراوە و كەركووكیش ژمارە ٢٥ـی پێدراوە.

کامەران کەریم