زایەڵە - دوای ئەوەی ساڵی پار سێ هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی سعودیە کرا، ئەمساڵ خواستی ئەو وڵاتە لەسەر پەتاتەی جۆری پیشەسازیی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند؛ لەڕێگەی پەیوەندییەکانی کۆنسوڵخانەی سعودیە، وەزارەتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە وەک قۆناغی یەکەم داوای پێنج هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەمەش بۆ پیشەسازیی چپس و فینگەرە.
بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، ڕێکارەکانی ناردنی پەتاتە بۆ وڵاتی سعودیە دەست پێ بکات، هەنگاوی یەکەم چەند کۆنتێنەرێک دەڕوات و ڕۆژانی دواتر پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
ساڵی پار هەشت هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی سعودیە و ئیمارات کرا و بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گەیشتە 150 هەزار تۆن، ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت ئەو بەرهەمە زۆر زیاتر بێت.