زایەڵە ـ بریكاری پێشووتری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند كه‌ بانكی بازرگانی‌ عێراق TBI په‌شیمانبووه‌وه‌ له‌وه‌ی ببێته‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ژماری من"ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هۆشداریشی‌ دا له‌وه‌ی‌ "ته‌وتین نه‌كرێت كێشه‌ بۆ مووچه‌ی‌ مانگی‌ 5 دروست ده‌بێت.

فازڵ‌ نه‌بی، بریكاری پێشووتری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ رووداو وتی‌: كاتێك وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم  365 ناوی یه‌كه‌م لیستی بۆ بانكی TBI نارد، ده‌ستی به‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی كرد، به‌ڵام دواتر په‌شیمان بووه‌وه‌.

وتیشی‌: بانكی TBI له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌ و باسی‌ ته‌وتین ده‌كه‌ن.

فازڵ‌ نه‌بی ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا: كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ كردووه‌ و پێیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ ئیش ناكه‌ن هه‌ر جاره‌ی‌ 300 ناو 400 ناویان بۆ بنێردرێت، به‌ڵكو ته‌وتین-یان ده‌وێت.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو: كه‌ بانكی TBI ده‌یه‌وێت وه‌زاره‌تێكی‌ هه‌رێم به‌ ته‌واوی‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ‌ بكات و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ بچنه‌ سه‌ر ئه‌و بانكه‌، ئه‌وه‌ ته‌وتینه‌.

وتیشی‌: سه‌رۆك وه‌زیران بانكه‌ حكومییه‌كانی راسپارده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر بڕیاری‌ دادگای‌ فیدڕاڵی‌ پرۆسه‌ی‌ ته‌وتین بكه‌ن، ئێستا بانكی TBI په‌شیمان بووه‌ته‌وه‌ و داوای‌ وه‌زاره‌تێك ده‌كات به‌ ته‌واوی‌.

فازڵ‌ نه‌بی راشیگه‌یاند: كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ته‌وتین بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كێشه‌ بۆ مووچه‌ی‌ مانگی‌ 5ی‌ فه‌رمانبه‌ران دروست ده‌بێت.

کامەران کەریم