زایەڵە ـ دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، مێرمنداڵێک کە لەگەل خێزانەکەی بۆ گەشت روویان لە سنووری چۆمان کردبوو، لە شوێنی گەشتیاری ناوپردان کەوتە نێو رووبارەوە و خنکا. 
 
ئەوکاتە رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران  رایگەیاند، مێرمنداڵەکە تەمەنی 16 ساڵە و “تا ئێستا نەمانتوانیوە تەرمەکەی بدۆزینەوە،” گوتیشی، تیمی مەلەوانی و بەرگریی شارستانی چۆمان گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە و گەڕان بەدوای تەرمەکەدا بەردەوامە.”
 
ئەمڕۆ هەینی، پاش نزیکەی 20 کاژێر لە رووداوەکە، بەرگریی شارستانیی سۆران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
 
لە ماوەی کەمتر لە مانگێک ئەمە چوارەمین رووداوی خنکانە لە رووبارەکانی سنووری چۆمان و سۆران تۆمار دەکرێن.
 
رۆژی 17ی ئایار، کوڕ و باوکێک لە رووباری چۆمان خنکان. سێ رۆژ لەمەوبەریش منداڵێکی عەرەب لە رووباری بێخاڵ خنکا.