زایەڵە ـ سروە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەزایەڵەی ڕاگەیاند: دۆخی ئێستای مووچە بەگشتی و بەتایبەت مووچەی هێزەئەمنییەکان دۆخێکی تەواو نابەرپرسیارانەیە بۆ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و ناکرێت لەوەزیاتر درێژە بکێشێ.پێویستە هەردوحکومەت زەمینەی هێنانەوەی بیانوو بۆیەکتری سازنەکەن و کۆتایی بەو بێدەربەستیە بێنن کە ماوەیەکی زۆرە مووچەخۆرانی هەرێم پێوەی سەرقاڵ کراون.
وتیشی: هێزە ئەمنییەکانی هەرێم هەمان ئەوهێزانەن کە هەمیشە لەڕیزی پێشەوی بەرگری و گیانفیدایی و خۆبەختکردندابوون بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ، زیاتر لە دوومانگە ئەوهێزانە دەستگیراوە بەسەر قووتی خۆیان و ماڵ و منداڵیاندا لەکاتێکدا ئەرکی ئەوهێزانە لە پاراستنی سنورەکانەوە تا پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان ئەرکێکی پیرۆزە و ناکرێت بەوجۆرە نادیدە بیگرین.دواخستنی مووچەی ئەوهێزانە لەژێر هەر بیانو پاساوێکدا مایەی قەبوڵکردن نیە و ناکرێت لەشاشەی تەلەفزیۆنەکان و ڕووپەڕی سایت و پەیجەکانی سۆشیال میدیاوە یاری بەهەست و سۆزیان بکرێت.هەرجارێک و لەژێر پاساوێکی بێ مانادا مووچەکانیان چەند ڕۆژێک دوادەخرێ و سەرەنجام وازیاتر لە دوومانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە.
هێمای بەوەشکرد:من وەک ئەندامی پەرلەمان لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە خواستی ڕەوای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەم ،
پێویستە دامەزراوە دەستوری و یاساییەکانی عێراق و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە هەرچی زووە کۆتایی بەم نمایشە میدیاییەی هات و نەهاتی مووچە و نەناردن و دەستبەسەراگرتنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران بێنن و بەزوویی دەست بەدابەشکردنی مووچەی هێزەئەمنییەکان بکرێت.
کامەران کەریم