زایەڵە - ڕێکخراوی سروشی کوردستان  ڕایگەیاند: لەدوای هەوڵ و فشار و هەڵمەتی فراوانی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان و پارێزەرانی ژینگە و دڵسۆزان و خەمخۆرانی سروشتی جوانی دەربەندیخان و بە بڕیاری جێگرایەتی داواکاری گشتی دەربەندیخان، و بەفەرمانی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، و لەلایەن مەفرەزەیەک لە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان، سەرجەم کانەبەردەکانی شاخی گوڵان لە دەربەندیخان کە ژمارەیان (٥)کانە، بەکاتی داخران و کلیلی ئامێرەکانیان لێوەرگیرا. چونکە بوبونە هۆکاری تێکدان و شێواندنی ژینگەی سروشتی شاخەکانی دەربەندیخان و لەدەرەوەی یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان چەندین ساڵە کاریانکردووە. 
ڕونیشیکراوەتەوە :پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکانیان ڕێکخراوە و ڕادەستی داواکاری گشتی دەکرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی. 
ڕێکخراوی سروشتی کوردستان پاڵپشتی لەم بڕیارە دەکات و داوادەکەین داخستنی کانەکان کاتی نەبن و هەمیشەیی بن و بەپێی یاسای پاراستنی دارستان و یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و ڕێگە نەدرێت ژینگەی سروشتی جوانی دەربەندیخان لەوە زیاتر دەستدرێژی بکرێتە سەر و تێکبدرێت. لەم لایەنەشەوە ئەرکی سەرەکی بەڕێز قایمقامی قەزای دەربەندیخانە کە پابەندی یاسا کارپێکراوە ژینگەییەکانبێ و مۆڵەتەکانیان بۆ نوێنەکاتەوە و مۆڵەت بەهیچ کانێکی تری دەرهێنانی بەرد نەدات، تا ژینگەی شاخەکانی دەربەندیخان بەپارێزراوی بمێنێتەوە. 
کامەران کەریم