زایەڵە ـ ئەمڕۆ (١٢ی حوزەیران) بە ئامادەبوونی جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە ئامادەبوونی قایمقامی قەزای کەلار و بەرپرسانی لایەنە سیاسیەکان و بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی ناحیەی پێباز و ژمارەیەک لە کەسایەتی سنورەکە بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی ناحیەی پێباز دانرا.
پرۆژەی ئاوی پێباز خۆی دەبینێتەوە لەگواستنەوەی ئاوی پاک لەسیروانەوە بۆ ماڵان و بەدوو قۆناغ تەواو دەکرێت.
ئەمڕۆ بەردی بناغەی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە دانرا بە گوژمەی (١ ملیار و ١٣٣ ملیۆن) دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.
قۆناغی یەکەمی ئەم پرۆژەیە چوار جار ئاگاداری تەندەری بۆ کراوە بەڵام وەرنەگیراوە، بۆیە لە ئێستادا بە شێوازی راستەوخۆ (تنفیذ مباشر) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیانەوە جێبەجێ دەکرێت و بە تەواوبوونی زۆربەی کێشەکانی ئاوی خواردنەوەی باوەنور چارەسەر دەبێت.
قۆناغی دووەمی پرۆژەکەش لە ئێستادا رەزامەندی لەسەر دراوە و بەمزوانە پرۆسەی تەندرینی بۆ دەکرێت، تێچووی ئەم قۆناغەیش (یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن) دینارە، بەتەواوبوونی هەردوو قۆناغەکە، پرۆژەکە دەبێتە وێستگەیەکی گەورەی پاڵاوتنی ئاو و لە توانایدا دەبێت لە یەک کاتژمێردا ٤٠٠ مەتر سێجا ئاو بدات و کێشەی ئاوی باوەنور بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
کامەران کەریم