زایەڵە - نادر ڕۆستایی  شارەزای  گەشتوگوزار   بەزایەڵەی ڕاگەیاند: بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما  ژمارەیەکی زۆر گەشتیار و سەردانیکار لە ڕۆژانی جەژنی قوربان دێنە هەرێمی کوردستان، کە لە ٩٥%  لە شارەکانی عێراقەوە دێن، واتە گەشتیاری ناوخۆین. لە ڕۆژانی جەژن پلەکانی گەرما لەهەندێک لە شارەکانی عێراق دەگاتە ٤٨ پلە ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێ لەسەر هاوڵاتیانی عێراق تاکو ڕوو لە ناوچە فێنکەکان بکەن،هەروەها پشووی قوتابخانەکان دەستی پێکردووە، ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ زۆر بوونی ژمارەی گەشتیاران.

وتیشی: ئەگەری ئەوەش هەیە کە هەندێک لە رێگاکان تووشی خنکانی هاتووچۆ ببن، بەتایبەت رێگاکانی دەڤەری سۆران. سەردانیکار  ئەوانەن کە شەو لە شوێنە گەشتیارییەکان نامێنێتەوە، بەڵام گەشتیار ئەوانەن کە لە میوانخانە و بنکە گەشتیارییەکان دەمێنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو: بەشێکی زۆر لەوانەی بەناوی گەشتیاری دێنە هەرێم خواردن و پێداویستی خۆیان دێنن و خانووی خۆیان هەیە، یان دەچن بۆ ماڵی خزمەکانیان کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون، ئەم جۆرە گەشتیارانە تەنیا مایەی زیانن بۆ هەرێم نەک سوود.

کامەران کەریم