زایەڵە - بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین هونەرمەند بەرزان قادر خەڵوز پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە
كۆچی دوایی كاك بەرزان قادر خەڵوز و ماڵئاواییە هەمیشەییەكەی، خەمێكی گەورەیە لەسەر دڵی ئێمە و هەموو ئەوانەی رۆژانێك بینەری هونەرە باڵا و نەمرەكەی بوون. ئەو رۆژانێك لەشاخ خزمەتی شۆڕشی دەكرد، پاش ئەوەش بە هونەرەكەی خزمەتی كوردستان و خەڵكەكەی دەكرد و تەنزی كردبووە چەكێك بۆ رەخنەگرتن لە نادادییەكان.
كاك بەرزان لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیدا لەپێناو كوردستان و پاراستنی فەرهەنگ و هونەرە دەوڵەمەندەكەیدا دەژیا، هەموومان لە ماوەی رابردوودا بینیمان سەرباری نەخۆشی و تەندروستییە ناجێگیرەكەی، هەوڵی دڵخۆشكردنی بینەرەكانی دەدا و دەیویست میوانێكی خۆشەویستی ناو خێزانەكان بێت، كە بێگومان وابوو.
لە قووڵایی دڵمانەوە بۆ لەدەستدانی كاك بەرزان نیگەرانین و لەم كۆستە گەورەیەدا هاوبەشی خەمی خێزان، بنەماڵە، هاوڕێیان و هونەردۆستانین. نزا دەكەین خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات و ئارامیی بەهەموولایەك ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
کامەران کەریم