زایەڵە ـ کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بەزایەڵەی ووت:گرتووخانەکانی چاکسازی گەوران لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی پڕبوون لە سزادراو شوێنی سزدراوی دیکە نابنەوە.چاکسازییەکان پڕبوون لە سزادراو و سەرجەم چاکسازییەکان لە قەبارەی خۆی زیاتر سزادراویان تێدایە، ئەگەر ژمارەی سزادراوان زیادبکات، ئەوا دووچاری گرفتی گەورە دەبن.

وتیشی: چاکسازیی گەورانی هەولێر بۆ 900 کەس دروستکراوە، بەڵام 1800 سزادراوی تێدایە، چاکسازیی گەورانی سلێمانی شوێنی 900 سزادراوە، بەڵام ئێستا هەزارو 600 سزادراوی تێدایە و چاکسازیی گەورانی دهۆکیش هەر بۆ 900 کەس دروستکراوە، بەڵام 2500 سزادراوی تێدایە.

هێمای بەوەشکرد: بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، هەروەها خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و سۆشیال میدیا بوونەتە هۆی قەرەباڵغی چاکسازییەکان و پێویستە کێشەی ماددەی هۆشبەر لەدەرەوە چارەسەر بکرێت و رێگە نەدرێت لەمە زیاتر تەشەنە بکات.
  
کامەران کەریم