زایەڵە ـ سەرچاوەیەکی لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان دراوە و پێشبینی دەکرێت سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.

بەپێی زانیارییەکانی زایەڵە تا ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی شەشی رەوانەی بەغدا نەکردووە ئەوەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی ناردنی پارە لە بەغداوە.

بەپێی زانیاری میدیاکانی پارتی وەزارەتەکان بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە نەیانتوانیوە لیستی مووچە رەوانەی وەزارەتی دارایی بکەن.

پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەدا لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان رەوانەی بەغدا بکرێن.

بەغدا بەهۆی رەوانە نەکردنی ناوی هێزە ئەمنییەکانەوە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ ناردنی پارەی ئەو هێزانەی دواخست.

بەپێی رێککەوتنێک بڕیارە تەنیا ناوی ئەندامانی دەزگا هەواڵگرییەکان بە کۆد رەوانەی بەغدا بکرێت و باقی هێزە ئەمنییەکان زانیاری تەواویان رەوانە دەکرێت.

کامەران کەریم