زایەڵە - رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دۆخی ژنان لە هەریم بە نەرێنی باس دەکات و رایدەگەیەنێت: "بەرپرسانی هەرێم شکستیان هێناوە لە سزادانی ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان دەکەن".
رۆژی چوارشەممە 3/7/2024 ، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International)، راپۆرتێکی نوێی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بەرپرسانی هەرێمی کوردستان شکستیان هێناوە کە ئەنجامدەرانی تووندوتیژییەکانی دژی ژنان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە کە تاوانی کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، لێدان و سووتاندن بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدەن".
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ کە پشتی بە داتای رەسمی حکومەت بەستووە ئلشکرایدەکات کە لەساڵی 2023ـدا 30 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون و لەساڵی 2022ـشدا 40 ژن کوژراون، بەڵام زانیاری رێکخراوە ناحکومییەکان ئاماژەیان بەوەداوە، کە دەکرێت ئەو ژمارەیە لەوە زیاتر بێت.
ئەمنێستی لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: "رزگاربووانی توندوتیژی خێزانی لەهەرێمى کوردستان رووبەڕووی بەربەستى گەورە دەبنەوە و نا پارێزرێن و دەسەڵات شکستى هێناوە لە دادگاییکردنی ئەوانەی دەستدرێژیی دەکەنەسەر مافی ژنان و ویستی سیاسییان نییە بۆ لێکۆڵینەوە و دادگەییکردنی بکەرانی تووندوتیژی خێزانی یان پاڵپشتی راستەقینە بۆ ئەو ژن و کچانەی کە هانا بۆ دەوڵەت دەبەن بیان پارێزێت."