زایەڵە - بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران دەستگیركردنی جادووگەرێكی ڕاگەیاند كە بەڵێنی درێژكردنی باڵای بە ژنان و كچان داوە و لەبەرامبەردا ٥٠٠ دۆلاری لێوەرگرتوون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، لەلایەن بەشی ئاسایشی قەزای خەلیفان كەسێك دەستگیركرا كە خەڵكی ئێرانە و نزیكەی ٢٠ ساڵە لە هەرێمی كوردستان دەژی و ئەو كەسە خۆی بە شێخ ناساندووە و ڕایگەیاندوە دەتوانێت لە ڕێگەی دووعاوە چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەكان و جەڵتەی دڵ و مێشك و گەدە و گورچیلە و هۆرمۆنی جەستە دەكات بە تایبەتی درێژكردنی باڵا.
ڕاشیگەیاند، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە ئەو كەسە جادووگەرە، لە ڕێگەی فێڵكردنەوە پارەی لە خەڵك وەرگرتووە، بڕی ٥٠٠ دۆلاری لە چەندین كەس وەرگرتووە بۆ درێژكردنی باڵایان هەروەها لەناو مۆبایلەكەیەوە  چەندین وێنەی نەشیاوی ژنانی پێگراوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران ئاماژەی بەوەشكردووە، لەئێستادا تۆمەتبارەكە بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و  لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.