زایەڵە - پارتی کرێکارانی بەریتانیا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکانی یاسادانان لە بەریتانیا و کۆتایی بە (١٤) ساڵ لەسەریەک لە دەسەڵاتی پارتی پارێزگاران هێنا.
کیر ستارمر سەرۆکی پارتی کرێکاران و سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا، لە تویتێکدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای (ئێکس) وتی" بۆ هەموو ئەوانەی لەم هەڵبژاردنەدا بانگەشەی پارتی کرێکارانیان کرد، هەروەها بۆ هەموو ئەوانەی دەنگیان پێداین و متمانەیان بە پارتی کرێکارانی چاکسازیکراوماندا سوپاس".
بەپێی ئەنجامی ئەو ڕاپرسییەی کە میدیاکانی بەریتانیا بڵاویکردۆتەوە، پارتی کرێکاران (ناوەندی چەپ) لە کۆی ٦٥٠ کورسی ٤١٠ کورسی بە دەستدەهێنێت، ئەمەش بەو مانایەیە كە ئێستا زۆرینەی لە ئەنجوومەنی كۆمۆنەكان هەیە.
پارتی پارێزگاران ژمارەی كورسییەكانیان لە ٣٦٥ كورسی كەمبووەوە بۆ ١٣١ كورسی کە ئەمەش دەبێتە کەمترین ژمارەی تۆمارکراوی ئەندامانی سەر بە پارتی پارێزگاران لە پەرلەمان.
هەروەها ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لیبراڵ دیموکراتەکان ٦١ کورسی و پارتی چاکسازی بەریتانیا ١٣ کورسی و پارتی سەوزیش ٢ کورسی بەدەست دەهێنن.
لە سکۆتلەندا، پێشبینی دەکرێت پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا ١٠ کورسی بەدەستبهێنێت و پلاید سیمر و لە وێڵز ٤ کورسی بەدەستبهێنێت.
ڕیشی سوناك سەرۆك وەزیرانی ئێستای بەریتانیا دانی بە شكستی پارتی پارێزگاراندا نا لە هەڵبژاردنی بەریتانیا و دەڵێت" ئەمشەو گەلی بەریتانیا بڕیارێكی ڕوونی دەركرد و من شكستەكە لە ئەستۆ دەگرم".