زایەڵە - سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران کرد و دەڵێت، حیزبەکەی "بەپەرۆشەوە چاوەڕێی هاریکاری و کاری پێکەوەییە."
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لەم دەرفەتەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و برایەتیی لەمێژینەی نێوان گەلی کورد و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندی و بەها باڵاکانی نێوانمان دووپات دەکەینەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە، حیزبەکەی "بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هاریکاری و کاری پێکەوەییە لە بوارە جیاوازەکان و گەشەپێدانی هەماهەنگییەکان."
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، "دڵنیاین کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرکردایەتیی بەڕێزتان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست."