زایەڵە - گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا دەستیپێکرد و هەموو ئاماژەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە هەڵبژاردنەکە چارەنووس سازە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە ٧/٧ لە سەرانسەری فەرەنسا گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا دەستیپێکردو پرۆسەکە چارەنووس سازە بۆ فەرەنسییەکان  و هەڵبژاردنێکی گەرم دەبێت لە نێوان راستڕەوە توندڕەوەکان بەرامبەر چەپەکان و ماکرۆنییەکان.

تێکڕای پرۆسەکە لەلایەن ٣٠ هەزار پۆلیس ئەمنییەتی بەڕێوەدەبرێت، پێنج هەزار لە پاریس جێگیردەکرێن بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی پشێوی بکەن.
 
بە گوێرەی دوایین راپرسی، پارتی راستڕۆی توندڕۆی بەرەی نیشتمانی بە سەرکردایەتیی مارین لوپێن، زۆرترین دەنگ بەدەستدێنێت، بەڵام ناتوانێت زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت مسۆگەربکات. 
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەرەنسا لە 5٥٧٧ کورسیەو بۆ پێکهێنانی حکومەت لایەنی براوە پێویستی بە ٢٨٩ کورسییە. 
 
هاوپەیمانیی بەرەی نوێی گەل، کە ژمارەیەک پارتی چەپ لەخۆدەگرێت، بە گوێرەی راپرسییەکە، دووەم دەبێت و، ماکرۆنییەکان سێهەم لایەن دەبن.
  
خوولی سەرۆکایەتییەکەی ماکرۆن سێ ساڵی ماوە و هیچ دیار نییە بتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی داهاتوو بخاتە بەرەی خۆیەوە بۆ ئەوەی حکومەتێکی هاودەنگی خۆی دروستبێت. 
 
لوپێن سەرکردەی راستڕەەوە توندڕەوەکان سوورە لەسەر ئەوەی زۆرینەی پێویست دەباتەوە بۆ ئەوەی ماکرۆن ناچار بکات جۆردان باردێلای تەمەن ٢٨ ساڵانی سەر بە بەرەی نیشتمانی، بکاتە سەرۆک وەزیران. 
 
چەپەکان و میانڕۆکان، بە رێککەوتن، هەر یەکەیان لە هەندێ بازنەی دیاریکراو بەربژێرەکانی خۆیان لە بەرژەوەندیی ئەوەی دیکەیان کشاندووەتەوە بۆ ئەوەی دەنگی دژی راستڕۆ توندڕۆکان پەرت نەبێت.