زایەڵە - موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: "بانکی فیدراڵیی ئەمریکا راگرتنی مامەڵەکردنی بە دراوی یوانی چینی بەسەر عێراق دا سەپاند بە پاساوی ئەوەی سەرپێچی لە بەشێک لە حەواڵە داراییەکان یان بوونی کێشەی دیاریکراو هەیە.

دەشڵێت: "زۆر لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەسەپێندرێن.

بانکی ناوەندیی عێراق سەرەتای 2023 ژمارەیەک بڕیاری بۆ پارێزگاری لە سەقامگیریی دۆخی نەختینە و ئابووریی گشتی و رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی هەڵبەز و دابەزی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەرکرد، لەوانە ئاسانکاریی لە پرۆسەی هاوردە و هەناردە لە رێگەی کردنەوەی مامەڵەی نوێ لەگەڵ بانکەکانی جیهان، لەنێویاندا بانکەکانی چین.

لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بەهێزکردنی باڵانسی بانکەکانی عێراق بوو، ئەوانەی هەژماریان لە بانکەکانی چین بە دراوی ئەو وڵاتە هەیە، چونکە مامەڵەی راستەوخۆ بە یوان کاریگەریی لەسەر خێراکردنی مامەڵە داراییەکان و کەمکردنەوەی تێچووی هاوردەکردن هەیە و نرخەکانی دراو لەنێو عێراق دەپارێزێت.

کامەران کەریم