زایەڵە - بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، ڕەتی دەکاتەوە لە گفتوگۆدابن لەگەڵ لایەنەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت "نە ئێستاو نە دوای هەڵبژاردن دەرگا داناخەین".
بەرەی گەل ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوە دەكەن لەگەڵ دو هێزی دیكە لە گفتوگۆدابن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەڵێت، لەئێستادا لەگەڵ هیچ هێزو لایەنێك لە گفتوگۆدا نین بۆ ئەو مەبەستە.

 بەرەی گەل، ئەمڕۆ شەممە، لە رونكردنەوەیەكدا لەبارەی دروستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند"لەرابردودا دەستپێشخەرییمان هەبوەو هەوڵمانداوە بەرەیەکی فراوان دروستبکەین بەڵام وەڵامی لایەنەکان ئەرێنی نەبون."

جەختیشی كردۆتەوە كە "لە ئێستادا لەگەڵ هیچ هێزو لایەنێک لەگفتوگۆدا نین بۆ ئەو مەبەستە، هاوکات نە ئێستا و نە دوای هەڵبژاردن دەرگای هاوپەیمانی و دروستکردنی بەرەیەکی فراوان لەگەڵ هیچ هێزو لایەن و کەسێکدا داناخەین کە خێرو خۆشی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستانی بوێت."

رونكردنەوەكە دوای ئەوە دێت كە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە گوایە بەرەی گەل، بزوتنەوەی گۆڕان و دەزگای ستاندار، لە گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

دەقی رونكردنەوەكەی بەرەی گەل:

رونکردنەوەیەک لە بەرەی گەل-ەوە بۆ ڕایگشتی

لەبارەی دروستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەرەی گەل رایدەگەیەنێت؛ لەرابردودا دەستپێشخەرییمان هەبوەو هەوڵمانداوە بەرەیەکی فراوان دروستبکەین بەڵام وەڵامی لایەنەکان ئەرێنی نەبون، لە ئێستادا لەگەڵ هیچ هێزو لایەنێک لەگفتوگۆدانین بۆ ئەو مەبەستە، هاوکات نە ئێستا و نە دوای هەڵبژاردن دەرگای هاوپەیمانی و دروستکردنی بەرەیەکی فراوان لەگەڵ هیچ هێزو لایەن و کەسێکدا داناخەین کە خێرو خۆشی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستانی بوێت.

بەرەی گەل دوپاتی دەکاتەوە کە وەک هێزێکی جەماوەری خۆی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان ئامادەکردوەو بە پشتیوانی دەنگی ئەو دەنگدەرە بوێرو دلێرانەی کە خواستێکی گەورەی گۆڕانکارییان هەیەو زۆرینەی دەنگدەران پێکدەهێنن لە کوردستان، دەیەوێت گۆڕانکاریی ریشەیی لە حکومڕانی ئەنجام بدات و خەڵکی کوردستان لەم نائومێدی و دۆخە ناهەموارە رزگار بکات.

بەرەی گەل