زایەڵە - وەزارەتی بازرگانی عێراق: بڕیاردرابە كۆتایی هێنان بە وەرزی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و، 20ی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم كۆتایی دێت.

لیژنەی ناوەندی بەبازاڕکردنی سەر بە کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە بە سەرۆكایەتی حەیدەر نوری گڕاوی، بەڕێوەبەری گشتی دانیشتنی ژمارە (٢٠)ی ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین و دوایین پێشهاتەکانی وەرزی بەبازاڕکردنی بەروبوومی گەنم.

لیژنەکە گرنگترین پرسەکانی بەرنامەی کارەکەی تاوتوێ کردووە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا لە 20ی مانگی تەمموزی ئەمساڵ وەرزی بەبازاڕکردن لە هەرێمی کوردستان دابخرێت بۆ ساڵی 2024 لە (هەولێر، دهۆک، سلێمانی).

لە میانی دانیشتنەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە ستافی تەکنیکی و کارگێڕی بەردەوام دەبن لە پرۆسەی وەرگرتن و دابەزاندنی ئۆتۆمبێل تا درەنگانی شەو بۆ وەرگرتنی زۆرترین بڕی گەنمی ماوەتەوە بۆ پشکی هەرێم، لەگەڵ ڕێنماییەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە بەشی کۆنترۆڵ و ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ بەدواداچوون و چالاککردنی سیستەمی پەنجەمۆری شەوانە بۆ کاری فەرمانبەران.

کامەران کەریم