زایەڵە -  وەزیری پێکهاتەکانی هەرێم دەڵێت پێویستە پێكهاتەكان مافی ڤیتۆیان لە پەرلەمانی كوردستان هەبێت و دەشڵێت: سیستمی کۆتا لە عێراقدا سەرکەوتوو نەبووە، دەبێت لە هەرێمی کوردستان زیاتر کار بۆ فراوانکردن و باشترکردنی سیستمەکە بکرێت.
 
 ئایدن مەعروف، وەزیری پێکهاتەکان لە حكومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەت پشتیوانی داواکاری و مافی پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی کردووە، بەڵام لە عێراقدا سیستمی کۆتا سەرکەوتوو نەبووە.
 
 ڕاشیگەیاند، پێویستە لە خوولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی کورسی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە پێنج کورسییەوە بکرێت بە 15 کورسی.
 
 ئایدن مەعروف بە گرنگی دەزانێت مافی ڤیتۆ لە خولی شەشەمی پەرلەمان بە پێکهاتەکان بدرێت، تا زیاتر ڕەچاوی ماف و داواکارییەکانیان بکرێت.
 
ئەمە لەكاتێكدایە، كە 22-2-2024 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسی کۆتاکانی دا و سیستمی هەڵبژاردنی لە هەرێمی كوردستان كرد بە 4 بازنە.
 
کامەران کەریم