زایەڵە - بانكی ناوەندی عێراق لە بارەی بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێی دراو و ئاگادار كردنەوەی هاوڵاتییان لە دووركەوتنەوە لێی، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، هۆشداریی دەدەنە هاوڵاتییان لە بەرامبەر مامەڵەكردنی بە جۆرێكی نوێی دراوی ئەمریكی كە بڕەكەی یەك ملیۆن دۆلارە، بۆ فریودان و فێڵكردن لە هاوڵاتییان بەكاردەهێنرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، هێزە ئەمنییەكان بە دوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێن كە ئەم دراوە نایاساییە چاپ دەكەن و بڵاوی دەكەنەوە، دەشڵێن: بەرزترین دراوی ئەمریكی لە بازاڕەكان ١٠٠ دۆلارە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو دراوە لە بازاڕەكانی جیهانیدا بڵاوناكرێتەوە و بە دراوی بانكی نازانرێت، چونكە تەنیا لەلایەن كۆمەڵێك ملیۆنێری ئەمریكییەوە دەردەچێت و لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە دەرنەچووە.
جێگای سەرنجە، بانكی ناوەندی عێراق لە مانگی شووباتی ٢٠٢٠ هۆشداریدا لە مامەڵەكردن بەدراوی “یەك ملیۆن” دۆلار، چونكە كاغەزێكی نایاساییە.
کامەران کەریم