زایەڵە - سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ میدیاکان ڕایگەیاند،وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات و بڕیارە پێش کۆتایی ئەم ھەفتەیە پارەی مووچە رەوانە بکات.

بەم نزیکانە دەست بە وردبینیکردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بۆ مانگی تەمموز دەکەن و ئەگەر لیستەکەش ھاوشێوەی مانگی حوزەیران بێت، پرۆسەی وردبینییەکە لە دوو رۆژدا کۆتایی دێت.

لەکاتی بوونی ھەر جیاوازییەکیش لە لیستی مووچەی وەزارەتەکاندا، ئەوکات مووچەی ئەو وەزارەتانە رەوانە دەکرێت کێشەیان نییە، بەڵام پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو وەزارەتەی گۆڕانکاری لە لیستی مووچەیدا کراوە کاتی زیاتری پێویست دەبێت، وەک ئەوەی لە مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبای ھەرێم روویدا.

رۆژی دووشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و ھێزە ئەمنییەکانی رەوانەی بەغداد کرد و رایگەیاند، بۆ ئەم مانگە لیستی مووچەی خانەنشینانی بە ھاوتاکراوی خانەنشینانی عێراق رەوانە کردووە.

کامەران کەریم