زایەڵە - سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ میدیای پارتی وتی: "لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی شەش جۆر یاسا و بڕیار مووچەی خانەنشیان دابەش دەکرێت، بەغدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، دەیەوێت ئەوانەش هەموویان بەگوێرەی یاسای خانەنشینی عێراق مووچەکەیان وەربگرن."

ڕاشیگەیاند: لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینی بەڕێوەبەری گشتیی، وەزیرەکان، بریکارەکانی وەزیر، پەرلەمانتاران، خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بە گوێرەی یاسا و بڕیاری جیا دەدرێن.

وتیشی: ئێستا بەغدا داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە پارەی سندووقی خانەنشینیان رادەستبکات، بەڵام سندووقەکە پارەی تێدا نییە. و ئەوەش نابێتە لەمپەڕ لەبەردەم هاوتاکڕدنی مووچە بۆ یەکخستنی مووچەی خانەنشینان، لە کۆتایی حوزەیرانەوە لیژنەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێندراوە و دەبێت لە دوو مانگدا کارەکانیان تەواو بکەن و دوای ئەوە یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینان بۆ هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.

ئاماژەی بەوەش دا: "پێشبینی دەکەین مووچەی مانگی ئابی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بێت."

کامەران کەریم