زایەڵە - موحسین عەزیز بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پاراستن و باشتركردنی ژینگە لە وەزارەتی ژینگەی عێراق سەبارەت بە هۆكاری لە ناوچوونی هەزاران ماسی لە هۆڕەكانی پارێزگای میسان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، هۆكاری سەرەكی لەناوچوونى ژمارەیەكی زۆر ماسی لە ڕووباری عەز لە شارۆچكەی خەیر لە هۆڕەكانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ كەمبوونەوەی ئۆكسجین و چڕیی بەرزی خوێ، جگە لە پلەی گەرمی بەرز و ڕێژەی بەرزی هەڵمبوون لە ڕووبارەكەدا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێشتر چەندین جار هۆشدارییان لە لەناوچوونی هەزاران ماسی لە پارێزگای میسان داوە، داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە پشكی ئاوی پێویست بۆ هۆڕەكان بەربدەنەوە، كە گرنگترین شوێنی ماسییەكانە، جەختی لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە کردەوە.

وتیشى، لەكاتی سەردانی مەیدانیاندا ژمارەیەكی زۆر ماسی و زیندەوەری ئاوی ڕووبارەكاندا لەناوچوون بەهۆی چەند هۆكارێك لەوانە كەمی ئاو لەو ڕووبارەكە، كە بووەتە هۆی وشكبوونەوە و پیسبوونی ئاوی ڕووبارەكە.

کامەران کەریم