زایەڵە ـ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغداد بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچە و گوومان لەسەر فەرمانبەرانی شارستانی نەماوە.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی کە پەیامنێری ٧ڕۆژ ئامادەبوو رایگەیاند، بەرەوپێشچوونێکی زۆر باش هەیە لە بابەتی مووچە و لە مانگی شووباتەوە بەغداد پارەی مووچە دەنێرێت و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانیدا کردووە و هیچ گومانێکیان لەسەرنەماوە و بە بەردەوامی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەنێردرێت.
وتیشی، کێشە لە لسیتی مووچەی هێزە ئەمنییەکاندا هەبووە و داوامانکردووە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هەرێمی کوردستان وردبینی لە ناوی هێزە ئەمنییەکاندا بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شاندانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان ناوی سەرجەم هێزە ئەمنییەکانیان رادەستکراوە و تیمی چاودێری عێراق و هەرێمی کوردستان راپۆرتی خۆیان تەواوکردووە، بەڵام ئەو تێبینییانەی لە راپۆرتەکاندا هاتووە نابنە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان.
کامەان کەریم