كچێكی ئێزدی لە شەقامێكی ئەڵمانیا، ئەو داعشییە هەڵاتووە دەبینێت كە دەستدرێژی كردووەتە سەر؛ تاوەکو ئێستاش بە هەزاران ئێزدی بێ ماڵ و حاڵ لە كەمپی ئاوارەکان دا دوور لە زێدی خۆیان دەژین و، چارەنووسی زیاتر لە 2000 ژن و کچی بە کەنیزەککراوی رفێندراو بە نادیاری ماوەتەوە، شەنگالیش تاوەکو ئێستا سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە بۆ بەدینەهاتووەتەوە.
 
بەداخەوە دوای 10 ساڵ لەو مەرگەساتە هێشتا زۆر ماوە بۆ بەجێگەیاندنی عەدالەت و جێگیرکردنی مافی پێكهاتەیەكی رەسەن و ئاشتیخوازی ئەم نیشتمانە. با هەمووان بۆ چاككردنی دۆخەكە هاوکاربین و پێكەوە رێكاری تەندروست بگرینەبەر و، چیتر داواكاری رەوای خەڵكی خۆمان گیرۆدەی بێنەوبەرەی سیاسی نەبێت و، بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە خەمساردی لە بەدیهێنانیان نەکرێت.
 
لە یادی 10 ساڵەی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكان لە شەنگال، بە دڵتەنگییەكی زۆرەوە ئەو رووداوە ئازاربەخشە دەكەوێتەوە یادمان كە بووە هۆی ئەوەی هەزاران قوربانی لێبکەوێتەوە، لە کوشتاری مرۆڤ، رفاندنی کچان و ژنان، بزرکردنی منداڵان و وێرانكردنی ئاواییەكان. لەو رۆژەدا کە تیرۆری رەشی داعش شەنگالی داگیركرد و تاوانی کەم وێنەی ئاوای تێدا ئەنجامدا، مرۆڤایەتی لە ئاستی دا عارەقەی شەرمەزاری دەسڕێت.
 
ئامانجی تیرۆریستان كۆمەڵكوژی و سڕینەوەی ئێزدییەكان بوو، بەڵام خۆڕاگری گەلەكەمان و قوربانیدانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانمان و پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پلانی تیرۆریستەكانی هەڵوەشاندەوە. تووندڕۆكان بە پاساوی لێكدانەوەی تەکفیر و نابووتی بە ناوی ئایینەوە، کە ریشەی لەناو ئەخلاقی رەگەزپەرستی و جیاکاری رەگەزی دایە، ئەم تاوانەیان ئەنجام دا. ئەم پاساوانە سەرچاوەیان لە کەتوار(واقع)ی دواكەوتوویی و شكست و نائومێدی ئەو کۆمەڵگەیانەوە دێت کە دابڕاون و، لە ئاست جیاوازییەكان دا هەستی خۆسەپاندن بەسەر ئەوانەی لەخۆی بێهێزە تێیاندا زاڵە.
 
پێویستە ئەوەمان لە یاد نەچێت، ئەم تاوانەی روویدا لە سایەی بەرژەوەندی هەندێ هێزو وڵات دا بوو کە لەگەڵ تیرۆرو تەكفیر و تووندڕۆیدا یەکانگیربوو، هەروەک چۆن لە ئەنجامی كەمتەرخەمی دەزگای ئەمنی و حوکمڕانی بوو لەو ناوچانە کە هەرەسیان هێنا لە بەرگریكردن لە ئاوایی ئێزدیەكان، ئەم هەرەس هێنانە بە جۆرێک بوو تەنانەت لەكاتی هێرشی داعش دا؛ خەڵكی ئاسایی و لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر ژن و كچ و منداڵ بۆ وەحشیەتی داعشەکان بە جێهێڵدران.
 
با ئەم یادە بۆنەیەک بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵینگارییانەی تاوەكو ئێستا لەبەردەم ئاساییکردنەوەی ژیانی ئێزدییەكانە ، دەرفەتێک بێت بۆ بەخشینی هیوا بۆ داهاتوویەكی گەشەسەندوو بۆیان. چونكە ئەوان شیاوی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام و هەل پێدانن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژیانی خۆیان و رووخساری كۆمەڵگەكەیان و نەخشاندنی داهاتوویان.
 
قەبارەی ئەو مەرگەساتە كە لەبەرچاوی هەموو جیهان روویدا، ئاسەوارە نالەبارەکانی وایكرد کە ئەوکاتەی لە پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق دا بووم لەگەڵ ژمارەیەك لە چالاكڤان و رێكخراوی مرۆیی هەوڵی ساڕێژی هەندێ لەو برینانە بدەین، بەتایبەتیش كە ئەو تاوانە قێزەونە رفاندنی كچانی ئێزدی گرتبووەوە و بەشێوەیەكی زۆر دڕاندانە رەفتاریان لەگەڵ كرابوو. لەو ماوەیەدا توانیمان یاسای كچە رزگاربووە ئێزدییەكان بچەسپێنین و، كچە قوربانییە شەبەك و توركمان و مەسیحیەكانیش بگرێتەوە، كە خۆی لە قەرەبووكردنەوە و دووبارە ئامادەكردن و ساڕێژی دەروونی، چوونەوە نێو كۆمەڵگە و نیشتەجێكردن، هەلی فێركردن و دامەزراندن و داننان بە كۆمەڵكوژی، دادگاییكردنی تاوانباران، سۆراخكردن و گەڕان بەدوای ئەوانەی تاوەكو ئێستا لە لیستی ونبوەكاندان، هەروەها دانانی رۆژێكی نیشتمانی بۆ یادكردنەوەیان لە 3ی ئابی هەموو ساڵێك دا. لەگەڵ ئەوەی دەزانین كە هیچ قەرەبووكردنەوەیەك و داننان بەو پرسە و هاوسۆزبوون، قەرەبووی ئەو ستەمە ناكاتەوە کە ئێزدییەكان هەستی پێدەكەن، بەڵام هیوامان وایە ئەمە سەرەتایەك بووبێت بۆ پرۆسەیەكی بەردەوام و پێشكەشكردنی قەرەبووەكان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە؛ بەوەی بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقییە لە بەرامبەر گەلەكەمان دا. هەروەك هیواخوازین هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەم پرسە رژد بن و هەوڵی كۆكردنەوە و بە ئەنجام گەیاندنی بۆ بدرێت و؛ هەركەسێک هاوكاری داعش بووبێت لە ئەنجامدانی تاوانكارییەكان باجی تاوانكارییەكانی بدات و قەرەبووی قوربانییەكان بكاتەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە قەرەبووكردنەوەی ئێزدییەكان كە لەو ماوەیەدا دەردەسەرییەكی بێ وێنەیان بینی.
 
ئەمرۆ، دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر ئەو مەرگەساتەدا، جەخت لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی کێشە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكان دەكەینەوە كە تاوەکو ئێستا بەربەستن لە بەردەم رەفتاكردنی دادپەروەرانە لەگەڵ قوربانییەكان، هەروەها پەلە بكرێت لە رێكخستنەوەی ئیدارەی شەنگال و، فەراهەم كردنی دەستبەری دەستووری و یاسایی و ئەمنی بۆ ئێزدییەكان لەڕووی ئایینی و كولتوورییەوە، دوور لە هەموو پەراوێزخستنێك، سەرەڕای فەراهەمكردن و بەهێزكردنی سەقامگیری و ئاسایش لەناوچەكەیان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان ئەمەش لەپێناو گەڕاندنەوەی كۆچپێكراوەكان بۆ ماڵ و حاڵ و زێدیان؛ كە لەم دواییەدا هەندێكیان سەربەستانە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان. هەروەها پشتیوانیكردنی هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق و بە دیكۆمێنتكردنی و كاركردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان كە سەدان قوربانی تێدایە؛ لەم نێوەندەدا پشتیوانی دەكەین لە رێكارەكانی تیمی لێكۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دادگاییكردنی تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین. لەم بارەیەوە پێویستە دەستخۆشی لەو بڕیارە گرنگە بكەین كە رێگا بەوە دەدات ئێزدییەكان ببنە خاوەنی ماڵی خۆیان، كە چەندین ساڵ بەهۆی سیاسەتەكانی پەراوێزخستنەوە لەلایەن دەسەڵاتی سەركوتكەرانەوە لێی بێبەش كرابوون.
 
پێویستە بەرژەوەندی قوربانییەكان و كەسوكاریان لەسەرووی هەموو ئیعتبارێكی سیاسییەوەبێت، هەموومان پێكەوە بە یەکگرتوویی كار بکەین بۆ ئێزدییەکان و بەرگریان لێبکەین و بە پیر قوربانییەكانی دەستی داعشەوە بچین، لێرەدا هەنگاوی رژد و كاری رژدمان پێویستە، چونکە دەستی دەستی و خاوە خاو لە وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی خەڵكی خۆمان لە شەنگال ئیدی بەڕاستی شوورەییە.
 
ئێزدییەكان پێکهاتەی رەسەن و گوزارشتن لە كولتووری جوانی رەنگاو رەنگی ئەم نیشتمانە، بۆیە لەگەڵ یادی 10 ساڵەی کارەساتی ئەواندا و یادی ئەو مەرگە ساتانەش دەكەینەوە كە بەسەر تەواوی پێكهاتەكانی دیکەی گەلەكەماندا هاتووە، هەر لە قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە تاوەکو قوربانیانی دەستی تیرۆر.
 
لەبارەی دەستەبەری دادپەروەری بۆ قوربانییەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر خاكی خۆیان و پەیڕەوی رێكاری ئەمنی و پاراستنی هاووڵاتییەكانمان پێویست ناكات هیچ راوبۆچوونێكی جیاواز لە نێوانماندا هەبێت و، ناكرێ رێگە بە داعش و نموونەكانیان بدرێت جارێکی دیکە تەراتێن بكەن و خەڵكی بتۆقێنن و کارەسات و مەرگەسات ئەو دڕندایەتییە بەرامبەر رۆڵەكانمان بنوێنن كە نواندیان، چونکە ئەوەی روویدا لووتکەی تۆقاندن و داپڵۆسین و قڕکردن و لەنێوبردن و رەشەکوژی بە کۆمەڵ بوو .
 
ئێمە كە یادی ئەو بۆنە ئازاربەخشە دەكەینەوە، پێویستە دان بەوە دابنێین كە پاشماوەی بیری داعشی ئێستاش مەترسییەكی گەورەیە و ناكرێ پشتگوێی بخەین. دووپاتی ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە لەنێو ئایینە پیرۆز و دامەزراوەكانیاندا؛ بەرەنگاری تووندڕۆیی و هزری تەكفیری ببینەوە و پارێزگاری لە چەمكی دەستووری مەدەنی بکەین كە لەڕاستی دا پارێزگارییە لە ناسنامەی نیشتمانی و رەنگاڵەی کۆمەڵگە، ئەو ناسنامەیە و دەستوورەی کە بەکارهێنانی ئایین و سەپاندنی بۆ مەبەستی سیاسی رەتدەكاتەوە.
 
دیارە كە ئایین زۆر لەوە بەرزتر و پیرۆزترە كە ئامرازبێت بەدەست سیاسییە بەرژوەندخوازەكانەوە یان بۆ پاساوهێناوە و برەودان بە بەرژەوەندی سیاسی بەكاربهێنرێت. لە بنەڕەتیشدا دەستووری عێراقی بۆ دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراسییەو رێز لەو فرەییە دەگرێت كە لە كۆمەڵگەی عێراقیدا هەیە و، رێزی بۆ كۆی سیستەمی بەهای ئایینی ئیسلام و ئایینەكانی دیكەی عێراق داناوە.
 
ئێستاش سەرەڕای دووپاتكرنەوە بەردەوامەكان بۆ كۆتایی پێهێنانی مەترسی تیرۆر و تەكفیر، بەڵام ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێ و، هەبوونی رێكخراوە تووندڕۆی چەكداری مەترسیدار كە ژمارەی چەکدارانیان بە زیاتر لە 20 هەزار كەس دەخەمڵێنرێ لە ناوچەكانی باكووری سووریا و شوێنەكانی دیكە و، جگە لە کامپی (هۆل) كە دەیان هەزار كەس لە خۆدەگرێت؛ ئاڵینگارییەكی ئەمنی مەترسیدارەو ناكرێ پشتگوێ بخرێت.
 
داعش و هاوشێوەكانی كۆتاییان نەهاتووە، پێویستە ئامادەیی بۆ دۆخێكی مەترسیدار و پڕ ئاڵنگاری قورس بكەین، بەتایبەتی لەمیانی دیمەنی هەرێمایەتی ئالۆزو شلەژاوی پڕ لە ململانێدا، لەم رووەوە ناوچەكە پێویستی بەكاری رژدە. ئەو تاوانە تیرۆریستیانەی داعش لە ئێران و رووسیا ئەنجامیدان و، ئەوەی لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق لە ماوەكانی رابردوودا كە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەگەڵ پاشماوەكانی ئەو رێكخراوەدا بەخۆوەی بینی؛ زەنگی مەترسییە و پێویستی بە هاوئاهەنگی و كۆكردنەوەی لایەنی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە بۆ بەرگرتن لە كارەساتێكی ئەمنی نوێ كە بەڕێوەیەو گومان لە روودانی نییە.
 
لە عێراق دا پێویستمان بەوەیە پەند وەربگرین، سەركەوتن لە بەدەستێهنان و هەوڵەكان رەوایەتییەكی نیشتمانی و مرۆییە، بۆ ئەوەی ئەو كارەساتانە دووبارە نەبنەوە كە ماوەی پەنجا ساڵە عێراق و ناوچەكەی گرتووەتەوە لە ئەنجامی داڕووخانی كۆسیستەمی هەرێمایەتی و بووەتە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوچەیەكی پڕ كێشە پۆلێن بكرێت و رەنگدانەوەی لەسەر ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبێت، پێویستە كۆسیستەمێكی كاری هەرێمی سیاسی و ئەمنی و هاوکاری ئابووری بدۆزینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی سەردەمەکە کە گەلانی ناوچەكەش هەر ئەوەیان دەوێ کە ئەم خولانەوە بێهودەیە كۆتایی پێ بێت و بگەنە ئاستی گەلانی دنیا.
 
*سەرۆککۆماری پێشووی عێراق