زایەڵە - پارێزگاری هەولێر داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات نەوتی خاو بۆ پاڵاوتگە نایاساییەکان نەنێرێت و دەشڵێت، لە ئەمڕۆوە هەر گرێبەستێک هەبێت کاری پێناکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی شاری هەولێر لە پیسبوونی زیاتر، لە ئەمڕۆوە 134 پاڵاوتگەی نایاسایی دادەخرێن. داواش لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات چیدی نەوتی خاویان پێنەدات، چونکە هەر گرێبەستێکیشیان هەبێت لە ئەمڕۆوە کاری پێناکرێت.

وتیشی، "ئەو مۆلیدانەی کە بێدەنگ نین، یەک هەفتەیان لەبەردەمدایە کە مۆلیدەکانیان بگۆڕن بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی لە دژیان دەگیرێتەبەر و مۆلیدەکانیان لێوەردەگیرێتەوە".

ئومێد خۆشناو ئاشکراشیکرد، هەر ئۆتۆمبێلێک دوکەڵ بکات و ژینگە پیس بکات دەستیبەسەردا دەگیرێت و بەڵێننامە بە خاوەنەکەی پڕدەکرێتەوە.

کامەران کەریم