زایەڵە ـ لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە عوسمان کاروانی کارگێڕی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، قاسم شەشۆ چونکە هیچ شارەزاییەکی نیە لە جوانیەکانی ئیسلام بۆیە ئیسلام بەبار دەزانێت بەسەر خەڵکەوە، لەکاتێکدا ئیسلام ئاینی ئاشتی و هۆشیاری و ئاوەدانی و دادپەروەری و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و گەشەی عەقڵ و فکرە.
وتیشی، بەڵێ سەیر نیە ئێوە و هاوبیرەکانتان ئاوا لە ئیسلام بڕوانن چونکە خۆتان غەرقن لە جیهانی زوڵم و ستەم و نادادپەروەریدا فێرن لە ئاوی لێڵدا مەلە بکەن بۆیە چاوتان بەدادپەروەری و جوانیەکانی ئیسلام هەڵنایەت، بەڵام باش بزانن لە ڕابردوودا زۆر لە ئێوە و هاوبیرەکانتان بەتواناتر لەڕووی توانای مرۆیی و داراییەوە بەرامبەر بە ئیسلام و جوانیەکانی وەستانەوە بەڵام هەموویان ناو و ناوبانگیان کوێربوویەوە و بێناونیشان مانەوە، دەبێت ئێوە باش بزانن ئیسلام کە ڕەگ و ڕیشەی لەناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا داکووتاوە و هاونیشتیمانیانی کوردستان بەدینی باوک باپیرانی خۆیان و بەشێکی سەرەکی لە ڕەسەنایەتی خۆیان سەیری دەکەن بۆیە ئەم جۆرە لە گوتار لەکۆمەڵگەیەکی ئاوهادا بێ بازاڕ و مایە پوچە و دڵنیاشبن بەری خۆریش بە بێژنگ ناگیرێت.
کامەران کەریم